Skip to the content

دەزگای گشتیی کاروباری مین لە بیستەمین کۆبوونەوەی ئۆتاوا لە جنێف بەشدارە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، شاندێکی باڵای دەزگای مین بە سەرۆکایەتیی جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، بەشدارییان لە بیستەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکەوتننامەی قەدەغەکردنی مینی دژە کەسی (ئۆتاوا) لە شاری جنێفی وڵاتی سویسرا کرد.

وڵاتانی بەشدار لەو ڕێکەوتننامەیە ساڵانە لەبارەی قەدەغەکردنی مینی دژەکەسی لە جنێف کۆدەبنەوە، کە لەم ساڵدا لە ٢١-٢٥ی تشرینی دووەمی٢٠٢٢ کۆبوونەوەکە بەردەوام دەبێت.

بڕیار وایە وەفدی باڵای دەزگای گشتیی کاروباری مین لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی کۆمەکبەخش و نوێنەری وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکەوتننامەیە ئەنجامبدات؛ بە مەبەستی پەیداکردنی هەماهەنگی و هاوکاری بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها ئاگاداربوون لە نوێترین زانیاری و گۆڕانکارییەکان دەربارەی چالاکییەکانی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی.

جێگەی ئاماژەیە ڕێکەوتننامەی ئۆتاوا لەنێوان ١٦٤ وڵاتی جیهان واژوو کراوە کە کار لە قەدەغەکردنی بەکارهێنان و بەرهەمهێنان و عەنبارکردن و گواستنەوەی مینی دژەکەسی لە جیهاندا دەکات.