Skip to the content

لە قەزای پێنجوێن ژمارەیەک مین و تەقەمەنی لە نێوبردران

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتی جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە قەزای پێنجوێن تەقینەوەیەک بۆ لە نێوبردنی سەدان مین و تەقەمەنی ئەنجامدرا.
تیمی تەقاندنەوە ( EOD )ی سەربە بەشی تیمەکانی مینلابەریی دەستی و تەقاندنەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چالاکیەکان بە چاودێری تیمەکانی دڵنیایی جۆری لە کێڵگە مینی شێخە کوژراوی گوندی کانی مانگا بە دووقۆناخ ٢٩٧ مین و پارچەتەقەمەنی جۆراوجۆر لە پڕۆسەیەکی تەقاندنەوەدا سەرکەوتووانە لەناوبران.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند:"بەداخەوە قەزای پێنجوێن بەیەکێک لە ناوچە هەرە پیسبووەکان بەمین و تەقەمەنی دادەندرێت لە هەرێمی کوردستان، بۆیە دەزگای گشتی کاروباری مین لە ڕێگەی تیمەکانیەوە بەردەوام لە هەوڵی پاککردنەوەی کێڵگەمینەکاندایە ئەوەی ئەمڕۆش بەرهەمی تیمەکانی مینلابەرییە کە هەرمینێک بۆخۆی مەترسیەک بووە لەسەر گیان و ژیانی هاوڵاتیانی سنورەکە."