Skip to the content

بە سەدان مین و پاشماوەی جەنگی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران لە سنووری چۆمان لە ناوبردران

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دەزگای گشتی کاروباری مین لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەموو هەوڵەکانی خۆی چڕکردوەتەوە بۆ لە ناوبردنی سەرجەم مین وتەقەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستەش لە درێژەی کاروچالاکییەکانی تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە EOD سەر بە بەرێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری مینی هەولێر، زیاتر لە ۳۱٠ مین و پارچە تەقەمەنیی جەنگییان لەناوبرد، کە مێژووی دانانەوەیان بۆ شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە.

تەقینەوەکە لە چاڵی تەقینەوە لە چیای بەردەبوک لە سنووری قەزای چۆمان ئەنجام درا، و ئەو مین و تەقەمەنییانەی کە ئەمڕۆ لە ناوبردران، جۆراوجۆر و مەترسیدار بوون، و بەشێکیان لە ئەنجامی کاری ڕۆژانەی تیمەکانی مینلابەری دۆزرابوونەوە و ئەوانی دیکەش لە ئەنجامی پەیوەندیکردنی هاووڵاتییان بە تیمی لەناوبردن لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دۆزرابوونەوە و دوای کۆکردنەوەیان سەرجەمیان لەناوبردران و کۆتایی بە مەترسیەکانیان هات.