Skip to the content

لە مەڕاسیمێکدا کێڵگە مینێک لە قەزای ئامێدی دوای پاککردنەوەی ڕادەستی خاوەنەکەی کرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە، ڕیکەوتی ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە مەڕاسمێکدا لە ناحیەی دێرەلوک سەر بە قەزای ئامێدی، لە درێژەی پڕۆسەی پاکسازیی مین لە هەرێمی کوردستان، بە ڕادەستکردنەوەی کێڵگە مینی گرێ قائید هەستان.

لە مەڕاسیمەکەدا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، سوپاسی تیمەکانی مینلابەری کرد کە رۆژانە، لێبڕاوانە لە کاردان بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە پیسبووی مین و تەقەمەنین، هەروەها گوتیشی تا یەک مین لە کوردستان مابێت، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەوڵی لەناوبردنیدا دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە کێڵگە مینی گرێ قائید دەکەوێـتە گوندی گەلەکای سەر بە ناحیەی دێرەلوک، ڕووبەری ئەو کێڵگەمینە زیاتر لە ٦١ مەتر دووجا بوو کە سێ هاووڵاتی و مینلابەرێکی تێدا بۆتە قوربانی، لەو کێڵگە مینە زیاتر لە ٤٣ مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی تێدا دۆزرایەوە و سەرجەمی لەلایەن تیمەکانی مینلابەری لەناوبران.

تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتیی کاروباری مین، رۆژانە بەردەوام خەریکی لابردن و پاککردنەوەی خاکی کوردستانن لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی و پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان.

شایانی باسە هەریەک لە عەلی میران بەڕیوەبەری گشتیی کاروباری هونەری و شیلان سامڕ بەڕێوبەری گشتیی کاروباری مین/ دهۆک و وەرشین سەلمان قایمقامی قەزای ئامێدی و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و بەڕێوبەری چالاکییەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین ئامادەی مەڕاسییمەکە بوون.