Skip to the content

دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماری کاروچالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ لە پرێس کۆنفڕانسێک ڕادەگەیەنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان،(GOV.KRD)-  ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ١١/کانونی دووەمی ٢٠٢٣ جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی بەڕێزان نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگا و سەلام محمد بەڕێوەبەری گشتی دیوان و عەلی میران بەڕێوەبەری گشتی کاروباری هونەری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکی ٢٠٢٢ی ڕاگەیاند.
بەراورد بە ساڵی پێشتر ڕووبەری پاککراوە بە مین و تەقەمەنی بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ژمارەی مین و تەقەمەنی زیاتر لە ناوبراون، هەروەها ژمارەی شەهید و کەم ئەندامبوانیش کەمتربووە.

جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەوساڵەدا بەهەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی دەزگای مین توانراوە (٢,٣١٦,٧٥٦)م٢ دووملیۆن و سێسەد و شازدەهەزارو حەفسەد و پەنجاو شەش مەتر دووجا، لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە کە لە چاو ساڵی پێش خۆی چەند بەرامبەر ڕووبەری پاککراو زیادی کردووە، کە خۆی لە (٤٧) کێڵگە مین و(٧) شەڕگە دەبینێتەوە، دوای پاککردنەوەشیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان و بە کاربهێندرێـت و هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەماوە.
ناوبراو باسی لە ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانە کرد، کە لەڕێگەی تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مین و ڕێکخراوەکانەوە هەڵگیراونەتەوە و لە ناوبراون، کە ژمارەیان بریتی بووە لە (٤,٢٤٧)چوار هەزار و دوسەد و چل و حەفت مین، کە مینی دژەکەسی و دژە تانک بوون، هەروەها زیاتر لە (٣٤,٣٠٨) پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو لە خۆ گرتووە، کە هەر مین و تەقەمەنییەک مەترسی بووە بۆ سەر گیانی چەندین هاوڵاتی و گیانلەبەران و ژینگەکەمان.
سەرۆکی دەزگای مین دڵگرانی خۆی بە ژمارەی شەهید و برینداران دەربڕی کە لە ساڵێ ٢٠٢٢ بەهۆی مین و تەقەمەنیەوە بونەتە قوربانی و ڕایگەیاند" لەوساڵەدا (٣١) سی ویەک بەرکەوتوو بە ڕوداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش بەداخەوە (٧) کەس گیانیان لەدەستداوە و (٢٤)تریش بریندار و کەمئەندام بوون، کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگەمینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە، بەڵام هاوڵاتی هەیە پێیەوە پابەند نابێت و ناچار ڕوداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ژمارەی سودمەندبووانی لە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی ڕاگەیاند کە خۆی لە (٨٨٦٨٦)هەشتاو هەشت هەزارو شەش سەد و هەشت و شەش کەس لە پیاو ئافرەت و منداڵ دەبینێتەوە بەتایبەت بۆ ئەوناوچانەی نزیکن لە کێڵگە مینەکان و ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی.