Skip to the content

روونكردنەوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لەدەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تانكەرەوە بەقاچاغ ئەبرێتە دەرەوەو بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت. ئێمە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتووندی ئەم بانگەوازە جەواشەكارییانە رەت دەكەینەوەو بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین. هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەمایەك و راستییەكی تێدا نییە لەكاتێكدایە كە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن ، تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان. وەزارەتی سامانی سروشتییەکان دووپاتی دەکاتەوە کە نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگای بۆری و لە ژێر وردبینی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەکات و هەموو کاتێک ڕێز لە دەستووریی عیراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت.