Skip to the content

نرخی كارەبای پڕۆژە كشتوكاڵیەكان كەم دەكرێتەوە

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە هاوكاری وەزارەتی كارەبا كرێی كارەبای بەشێكی پڕۆژە كشتوكاڵیەكانی كەمكردەوە و بڕیارە سەرجەم پڕۆژە كشتوكاڵیەكان كرێی كارەبایان كەمبكرێتەوە. ئەمڕۆ سێ شەممە 25/8/2020، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەردانی وەزارەتی کارەبای كرد و لەلایەن كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا پێشوازی لێكرا. لە كۆبوونەوەكە كە بریكاری وەزارەتی كارەبا و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی هەردوو وەزارەت ئامادەبوون گفتوگۆكرا لەسەر كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵیەكان وەك پاڵپشتی لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری. هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت، لەپێناو بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ، هەروەها لیژنەی هاوبەش بۆ ئاسانكاری لە كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵیەكان گفتوگۆی وردی لەسەر كرا. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە رێگەی نوسراوێكەوە داوای كرد كرێی كارەبای پڕۆژە كشتوكاڵیەكان كەمبكرێتەوە. ناوی ئەو پڕۆژانەی داوای كەمكردنەوەی كرێی كارەبایان بۆ كراوە: 1_خانووی پلاستیكی 2_كارگەكانی ئالیك 3_سەربڕخانەكان 4_پڕۆژەكانی قارچك 5_ پڕۆژەكانی هێلكە و دەواجن 6_پڕۆژەكانی ماسی 7_پڕۆژەكانی گاوداری و شیرەمەنی 8_كارگەكانی زەیتی زەیتوون 9_كارگەكانی دۆشاوی تەماتە 10_یانەی ئەسپسواری 11_سەرجەم كارگەكانی پیشەسازی خۆراك كە بەرهەمی خۆماڵی بەكار دەهێنن. لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەزارەتی كارەبا هاوكار بوون لە كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵیەكان، بە جۆرێك نرخی كارەبای بەشێكی پڕۆژە كشتوكاڵیەكان لە 130 دینار كەمكراوەتەوە بۆ 30 دینار. لە كۆبوونەوەكە جەختكرایەوە لەسەر هەماهەنگی نێوان هەردوولا بۆ ئاسانكاریی و پاڵپشتی لە پڕۆژە كشتوكاڵیەكان.