Skip to the content

هۆڵەندا هاوكارێكی باشی بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵە

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو: كارە هاوبەشەكانمان لەگەڵ شانشینی هۆڵەندا بەردەوامی دەبێت وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت، هۆڵەندا لە راهێنان بە جوتیاران و پێدانی نوێترین زانیاری و تەكنەلۆژیای سەردەم لە بواری كشتوكاڵ هاوكارمان بووە. ئەم وتانەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە میانی پێشوازیكردن بوو لە ویلیام نیكۆلاس، كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویكرد. لە كۆبوونەوەكە كەئەمڕۆ پێنج شەممە 27/8/2020، ئەنجامدرا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەسەرەتادا سوپاسی ویلیام نیكۆلاس، كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندای كرد لەپای راهێنانی جوتیاران و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كشتوكاڵی. وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشكرد، زیادكردنی كاری كۆمپانیا هۆڵەندیەكان و هێنانی تەكنەلۆژیای كشتوكاڵی بۆ هەرێمی كوردستان بە هاوكاری كۆنسوڵخانەی هۆڵەندا كاری لەسەر دەكەین، هەروەها لە قتونانی بەرهەم و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی جوتیارانمان هەنگاوێكی ترە. بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی لەوەشكرد، لەماوەی كاركردنی ویلیام نیكۆلاس، كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا هاوكارێكی زۆر باش بووە، بۆیە سوپاس بۆ بەڕێزیان و لە رێگەی جەنابیشان بۆ شانشینی هۆڵەندا. ئومێدی سەركەوتنی لەكاری داهاتووی بۆ خواست و وتیشی، لەگەڵ كونسوڵی نوێش كارە هاوبەشەكانمان بەردەوامی دەبێت. لایخۆشیەوە ویلیام نیكۆلاس، كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا سوپاسی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویكرد بۆ ئەم رێزلێنانە و وتی، خۆشحاڵ بووین بە كاركردن لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.