Skip to the content

لەمەودوا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ، ڕاستەوخۆ بەرهەمی گەنمەشامیی لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرده‌گرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ ٢٠٢١/٤/١١ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت، به‌ مەبەستی بە بازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنمەشامیی جوتیاران، لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیاکانی وشکكردنەوەی گەنمەشامی كۆبۆوه‌.

دوای گفتوگۆ و گەڵاڵەکردنی چەندین سەرنج و راسپاردە و پێشنیاری ئامادەبووان، بڕیاردرا کە لە ئێستاوە كار بکرێت بۆ ئاماده‌كردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان خاوەنی کارگەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تاوەکو بەرهەمی گەنمەشامی ڕاستەوخۆ لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرنەوە، لای خۆیه‌وه‌ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئامادەیی وه‌زاره‌تی نیشاندا.

هەرله‌ کۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئەوە کراوە کە باشترین جۆری بنەتۆی گەنمەشامی بگەیەندرێتە دەستی جوتیاران بۆ ئەوەی کە بەرهەمی هاوردەی گەنمەشامی بۆ بازاڕەکان و کارگەکانی خۆماڵی کەمبکرێتەوە، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو گەیشتن بە خود بژێوی لە بەرهەمهێنانی گەنمەشامیدا.