Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی، پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێ شەمە 2021/8/17 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی راوێژکاری وەزارەت، پێشوازی کرد لە خاتوو ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرانی گشتی گەشت و گوزاری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کارکردنی هاوبەش و هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و دەستەی گەشت و گوزار.
لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر چەندین بابەتی گرنگ کرایەوە دەربارەی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و دابینکردنی زەوی و پێویستییەکانی وەبەرهێنان لەبواری گەشت و گوزارو چارەسەرکردنی کێشە پەیوەندیدارەکان و لابردنی ئاستەنگەکان و کارکردن بۆ بەکارخستنی توانای گەشت و گوزاری کشتوکاڵی و پاڵپشتی پڕۆژە گەشتیارییەکان.
لەکۆتاییدا لە نێوان هەردوولادا بڕیاردرا کە کۆبوونەوەکان و لێکتێگەیشتنەکان بەردەوام بێ لە هاوکاریکردنی یەکتری بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی هەردوو کەرت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە گرنگی تایبەت بە بواری سەرچاوەکانی داهاتی کشتوکاڵی و گەشت و گوزاری و سوود وەرگرتن لەسەرچاوەکانی ئاو  دراوە وەکو سەرچاوەکانی بەهێزی رەخساندنی دەرفەتی هێزی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان.