Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی کۆمەڵگه‌ی نەهرێن بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی بەسەر كرده‌وه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی هەینی ، 2021/12/10 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە یاوەریی بریکاری وەزارەت لە سەردانێکی مەیدانیی بۆ ناحیەی ئه‌لقوش پڕۆژەی (کۆمەڵگه‌ی نەهرێن بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی ) بەسەرکردەوە .
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە،
کە لەسەر ڕووبەری (50) دۆنم زەوی بە شێوەی پێشکەوتوو کار لەسەر بەرهەمهێنانی میوەکان دەکات ،بە تایبەتی (جۆرەکانی خۆخ ، قەیسی و چەند جۆرە میوەیەکی تر )، پڕۆژەکە بڕی
( 6000) جۆری جیاوازی داری میوەکانی تێدا چانراوە کە سوود لە ئەزموونی داری میوەی ئیتاڵی و ئیسپانی بە کوالێتی بەرز وەرگیراوە ،ساڵانە لە مانگی پێنجدا وەرزی پێگەیشتنی میوەکانە ،کە ئەمەش لە ڕووی سامانی مرۆییەوە دەستی کار بۆ دەیان کەس فەراهەم دەکات ، بە جۆرێک تەنها لە میوەی خۆخدا لە ساڵی یەکەم لە هەر بنە دارێک (15) کیلۆ بەرهەمی هەیە و لەساڵی دووەمدا بۆ هەر بنەدارێکی خۆخ بڕی ( 35 )کیلۆ بەرهەم دێنێ.
لەم بەسەرکردنەوەیەدا بێگەرد تاڵەبانی ڕاگەیاند کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پاڵپشتی بەردەوامی ئەم پڕۆژەیە و هەموو ئەم جۆرە پڕۆژانە دەکات، کە بە کوالێتی باش و توانست و ئەزموونی خۆماڵی کار لەسەر بەرهەمهێنانی جۆرێتی میوەکان دەکرێت ، وەک هەنگاوێکی گرنگ و پڕ بایەخ بۆ بەهێزکردنی پیشەسازی کشتوکاڵی و دڵنیاییدانی زیاتر بە دابینکردن و پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک و  پێویستی بازاڕەکان و ڕەچاوکردنی خواستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان .