Skip to the content

ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر بەسەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/2/23

ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر بەسەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبووە. ئەنجومەنەکە لە کۆبونەوە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەرکرد :

1- جەختکردنەوە لەسەر قەدەغەکردنی مریشکی هاوردە و بەستوو بەهەموو شێوەیەک لەتەواوی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.

2- هەڵمەتێکی نیشتیمانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمی قاچاغ و نایاسایی لەبازاڕەکان ئەنجام دەدرێت بەسەرپەرشتی خودی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.

3- بڕیار درا بە راگرتن و قەدەغەکردنی پارچەکانی مریشکی هاوردەکراو، لەبڕی ئەمە خاوەنی سەربڕخانەکانی کوردستان راسپێردران کە ئامادەکاری بکەن بۆ پرکردنەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە لەبەرچاو گرتنی خواستی براندە بیانیەکان.

4- بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوەخۆیی و بەرهەمی دەواجن و سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان هەفتەی داهاتوودا هەڵمەتێکی راگەیاندن بۆ ناساندنی ستیکەر وبارکۆدی تایبەت لەسەر بەرهەمی سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێەبەجێکردنەوە کەئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ پارێزگاری و ناساندنی بەرهەمی ناوەخۆیی بە کوالێتیەکی بەرز و نرخێکی گونجاو بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

5- جەنابی وەزیر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لە ناو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ چارەسەرکردن و بەدواداچوونی هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی هەیە بەپیشەسازی پەلەوەر، بەتایبەتی لە پرۆژەکانی مریشکی گۆشت و کارگەکانی ئالیک و سەربڕخانەکان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی و ڤێتەرنەری پارێزگاکان بۆ کاروبارەکان.

6- تەئکیدکردنەوە لەگەڵ وەزارەتی کارەبا لەسەر نرخی کارەبا بۆ پرۆژە گرنگەکانی پەلەوەری و پرۆژەکانی کشتوکاڵی دوای پشتگیری کردنیان لەلایەن وەزارەت.

7-وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە نوسراوێکی فەرمیدا داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکات کە لە پێناوی گرنگی دان و پاڵپشتی کردنی بەرهەمی ناوەخۆی گشتاندن بکات بۆ وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوەخۆ و تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی و کار، کە بەرهەمی کێلگە پەلەوەریەکانی ناوەخۆی هەرێمی کوردستان بکڕنەوە.