Skip to the content

لەچەند ڕۆژی داهاتوو شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە 2021/2/20 لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی راگەیاند، دوابەدوایی پەیوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا، لە چەند رۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیە بڕی نیوەی پارەی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014 ,2015, 2016 بۆ هەموو ئەو جوتیارانەی کە ناویان لە لیستەکان تۆمارکراوە دابەش دەکرێت.

هەروەها لەو پەیوەندیەدا جەختکرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە پێناو سەرفکردنی تەواوی ماندوو بوون و شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی داهاتوو.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە میانی پێداگیری و پێشکەشکردنی راسپاردەکان و کۆبونەوەی شاندی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بەسەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی لە مانگی رابردوو لەگەڵ هەریەک لە بەڕێزان، سەرۆک کۆماری عێراق و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، چۆتە بواری جێبەجێکردن و سەرفکردنەوە.