Skip to the content

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەت بۆ شایستە دارایەکانی جوتیارانی هەرێم پێکدەهێنێ

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق( GOV.KRD )- ئەمرۆ 14ی کانونی دووەم(یەنایەر)ی 2021 لەمیانی کۆبونەوەکان لەگەل وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق و دواین کۆبونەوەیان لەگەڵ د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دواتر کۆبونەوەیان لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، زۆر بەچڕی جەختی لە شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کردبۆوە بە نرخی پالپشتی کراو (مدعوم ).

هەروەها داوای کردبوو لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنرێت و بەدواداچوون بکرێت بۆ شایستەدارایەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستە دوێنی چوارشەممە د.بەشیر حەداد، سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد، کەتایبەتبوو بەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١.

لەم کۆبونەوەیە د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر داوای بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کەلە سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدای کردبوو، داوای کرد لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچون بەشایستە دارایەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت بەنرخی پاڵپشتی کراو بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦.

لەمبارەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: سوپاسی د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین بۆ پێکهێنانی ئەم لیژنەیە، کە لەسەر داوای ئێمە لە میانی سەردانمان بۆ بەغدا پێکهێنراوە، لە پێناو گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانی ڕەنج و ماندوبونی چەندساڵەی جوتیارانمان له هەرێمی کوردستان.