Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی کۆماری میلی چین دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ئەمڕۆ19ی کانونی دووەم(یەنایەر)ی 2021 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە نی روچی کۆنسوڵی گشتی کۆماری میلی چین و وەفدێکی یاوەری کرد.

ئامانجی سەردانەکەی کۆنسوڵی چین بۆ مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و کۆماری چینە، بەتایبەتی لەبواری توانای بونیادنانی بەنداوەکان و سەرچاوەکانی ئاو بە ئەزمونێکی سەرکەوتوو لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی پیشەسازی کشتوکاڵی و گواستنەوەی تەکنەڵۆژیای بەرهەمهێنانی خانوی پلاستیکی بەشێوازێکی زۆر سەردەمی و مۆدێرن، بە جۆرێک کە جوتیارانمان دەتوانن لە هەموو وەرزەکانی ساڵ بەرهەمی ناوەخۆیی بەرهەم بهێنن بە تێچونێکی زۆر گونجاو و کوالێتیەکی زۆر باش.

بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئەو ئاڵوگۆڕی و پەیوەندیانە، لەلایەن خۆیەوە کۆنسوڵی چین بانگهێشتی فەرمی شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کردووە بەسەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ کۆماری چین.

لەلایەن خۆیەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگی بەردەوامی کۆماری میلی چینی کرد لەبوارەکانی پێشخستن و بونیادنانی پرۆژەکانی کشتوکاڵی و ئاودێری، وە پشتیوانی تەواوی وەزارەتی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەموو هەوڵێکی لێکتێگەیشتن کە خزمەتی پەرەپێدانی پەیوەندیە لە مێژینەکانی نێوان هەردوو لا بکات.

لەکۆتایدا چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی گرنگ لە نێوان هەردوو لادا پەسند کران.