Skip to the content

شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە سەر بانگهێشتێکی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا سەردانی چەندین پرۆژەی گرنگی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ یەک شەممە 2021/1/31 دوابەدوای داوەتنامەی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا، بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەئامادەبوونی بریکار و شاندێکی وەزارەت و بەیاوەری ژمارەیەک وەبەرهێنەری کوردستانی و مولحەقی بازرگانی تورکی سەردانێکی یەک هەفتەیی تورکیایان کرد.

لەم سەردانە چەندین دیدارو کۆبونەوەی فەرمی و بەسەرکردنەوەی پرۆژەکان ئەنجام دران.

لەسەرەتای سەردانەکە لەلایەن پارێزگاری غازی عەنتاب، بەخێرهاتنی شاندەکە کرا و پاشان دیدار لەگەڵ نوێنەری تایبەتی وەزیری کشتوکاڵی تورکیا و بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی غازی عەنتاب ئەنجامدرا.

لە میانی سەردانەکە لەشارەکانی مێرسین و ئەنتالیا ئەم پرۆژانەی خوارەوە بەسەر کرانەوە، کە لەووڵاتی تورکیا بەتەکنەلۆژیای سەردەمی بەرهەم هێنانی بۆ کراوە:

1- سەردانی کارگەکانی خانوی پلاستیکی و شوشەیی هەموو بەشەکان لە دایەنگە و چاندن بە تەکنەلۆژیای سەردەمی بەتایبەتی لە بواری پرۆژەی متەکاملی بەرهەمهێنانی مۆز و چاندنی تەماتە.

2- سەردانی پرۆژەی تەغلیفکردن و بەپاکێتکردنی بەرهەمەکان و کۆگاکانی ساردکەرەوەی سەوزە و میوەکان.

3- سەردانی کارگەی بەرهەم هێنانی جۆرەکانی پەینی کشتوکاڵی.

4- سەردانی خانوی پلاستیکی و شوشەی بەرهەمهێنانی میوەکانی شیلک و مانگۆ دراگۆن و فلۆریا و چەندین میوەی تر.

5- سەردانی پرۆژەی بەرهەمهێنانی بنەتۆی شوتی.

6- سەردانی سەنتەری پێشکەوتووی توێژینەوەی کشتوکاڵی تورکیا، کە تاقیکردنەوە و شیکاری بۆ بەرهەمەکانی جوتیاران و کۆمپانیاکانی کشتوکاڵی دەکات لە ڕێگەی چەندین ستافی ئەکادیمیایی و زانستی.

7- سەردانی کارگەی تاقیگای دروستکردنی شەتڵ بەشێوازێکی زۆر مۆدێرنی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی، ئەم کارگەیە بەرهەمەکانی بۆ چەندین ووڵات دەنێرێت و ئەزمونی زیاتر لەبیست ساڵە.

مەبەستی سەرەکی ئەم سەردانە بەهێزکرنی پەیوەندی نێوان وەبەرهێنەرانی کوردستانی و تورکی بوو بۆ گواستنەوەی ئەزمونی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی تورکیا.

لە سەرجەم دیدارەکان جەختکرایەوە لەسەر ئاڵوگۆڕی و هاندان و بەشداری پێکردنی وەبەرهێنانی پرۆژەکانی کشتوکاڵی لەنێوان هەردوو لادا.

لەم سەردانەدا هەنگاوی باش نراوە و ئەنجامی گرنگ بەدی هاتووە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی.

لەلایەن خۆیانەوە شاندی پێشوازیکەر وەکو دیاری بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە سنوری پارێزگای سلێمانی خانوێکی شوشەیی مۆدێرن لە سەر ڕووبەری دوو دۆنم زەوی لە پرۆژەیەکدا بۆ مەبەستی ئەزمونێکی تاقیکردنەوەی بەرهەمهێنانی بەروبومە کشتوکاڵیەکان پێشکەش دەکرێ.

لەئایندەیەکی نزیکدا وا بڕیارە ژمارەیەک پرۆژە و گرێبەست و لێک تێگەیشتنی هاوبەش ئەنجام بدرێت کە دەبێتە هۆی وەچەرخان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان و خزمەتێکی بەرچاو بۆ جوتیاران و خاوەن پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان.