Skip to the content

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق( GOV.KRD )-ئەمڕۆ رێکەوتی 19/1/2021 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو پێشوازی کرد لە هەریەک لە بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمان، سەفین ئاغا گەردی و عوسمان سێدەری، لە لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و ڕاوێژکاری لێژنە جەنگی ئیبراهیم ونوێنەرانی جوتیارانی دەڤەری بەڕانەتی.

ئەم دیدارە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن و گوێگرتن لە داواکاری و سکاڵای نوێنەری جوتیارانی دەڤەرەکە بەتایبەتی لەسنوری ئەو گوندانەی کە نیاز وایە شارێکی گەشتیاری لەسەر زەویەکانیان دروست بکرێت، کە چەندین هەزار دۆنم زەوی لەخۆ دەگرێت، لەم دیدارەدا جوتیاران داوایان کرد بەمانەوەی زەویەکانیان تەنها بۆ مەبەستی کشتوکاڵی، چونکە جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژەیە زیانی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران دەگەیەنێت لە دەڤەری بەڕانەتی.

لە لایەن خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڵێنی پشتیوانی تەواوی داواکاریەکانی ئامادەبووانی دا بە گفتۆگۆکردن و بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندی دارەکانی حکومەت.

لەبەرامبەر ئەو پەرۆشی و خەمخۆریەدا نوێنەری جوتیاران خۆشحاڵی و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.