Skip to the content

تیمێكی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕاوێژکارانی هۆڵەندی، سه‌ردانی چه‌ند كارگه‌یه‌كیان كرد له‌ شاری سلێمانی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢١/٧/٢٨ شاندێکی هاوبەش کەپێکهاتبوون لە شاندی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی ڕاوێژکاری هۆڵەندی، سەردانی کارگەی تەماتەی فرێشیان کرد لە پارێزگای سلێمانی.

ئەم کارگەیە یەکەمین کارگەیە کە شێوازی پاکێجین بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات .
کارگەکە بەشێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە کاری شۆردن و پاکێجین بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دەکات و دواتر لەساردکەرەوەی کارگەکەدا هەڵدەگیرێت و پاشان ڕەوانەی مارکێت و بازاڕەکان دەکرێت.
 
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ شاندی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ ڕاوێژکارانی هۆڵەندی، عەلوەی سلێمانیان به‌سه‌ركرده‌وه.‌
سەرەتا شاندەکە لەگەڵ ستافی کارگێڕی عەلوەکە و نوێنەری یەکێتی جوتیاران و بەشێک لەبازرگانەکان کۆبوونەوە و باسی گیروگرفت و کاری ڕۆژانەی عەلوەکەیان کرد و چەندین ڕاوبۆچوون دەربارەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەنێوان شاندەکەو ستافی کارگێڕی عەلوەی سلێمان گەڵاڵەکرا.
دواتر شاندەکە سەردانی تاقیگەو کۆنترۆڵی جۆری عەلوەی سلێمانیان کرد، کە بۆیەکەمین جارە لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان پشکنینی زانستی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دەکرێت بەر لەوەی ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هه‌مان شاندی هاوبه‌ش لەگەڵ لقی سلێمانی یەکێتی جوتیارانی کوردستان کۆبوونەوەو باسیان لە چۆنیەتی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی بەروبوومی جوتیاران و  ئەو کێشە و گرفتانە کرد کە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکان دروست دەبێت.
دواتر شاندە هاوبەشەکە سەردانی دوو پڕۆژەی خانووی پلاستیکی خەیار و بیبەریان کرد لە ناحیەی بازیان، لە خانووە پلاستیکیەکاندا شێوازی سەردەمیانە و مۆدێرن بەکارهاتبوو لە شێوازی ئاودان و پەینکردندا.
جێی باسە تیمی ڕاوێژکاری هۆڵەندی سەرسام بوون بەپڕۆژەی خانووە پلاستیکییەکان و زۆری بەرهەمی خانووەکان.