Skip to the content

ئاژانسی کۆیکا پاڵپشتی لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری دەکات لەهەرێمی کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ رێکەوتی 2021/6/24 بێگەرد تاڵەبانی پێشوازی کرد لە سانگ هوون چۆ ،سەرۆکی ئاژانسی رێکخراوی کۆیکا لە هەرێمی کوردستان.

لەم دیدارەدا وێڕایی خۆشحاڵی و بەخێرهاتنی شاندی میوان لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تاکید کرایەوە لەسەر ئەولەویاتی پرۆژەکان و داواکاریەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ مەبەستی پاڵپشتی و هەماهەنگی پەرەپێدانی پەیوەندیەکان و گواستنەوەی ئەزموون و پرۆگرامەکانی ئاژانسی ناوبراو بەتایبەتی لە بوارەکانی هاوکاری و پەرەپێدانی پرۆژەکانی خانووی پلاستیکی بۆ جوتیاران و پاڵپشتی دەرچووانی کشتوکاڵی و فێترنەری لەرێگەی پێدانی دەرفەتی پرۆژەی بچوک و بونیادنانی پرۆژەی ئاودێری بچوک بۆ گواستنەوەی سەرچاوی پێویستی ئاو بۆ جوتیاران، هەروەها پاڵپشتی کردنی وەزارەت لەسیستمی بەئەلیکترۆنی کردنی پرۆسەی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاوڵاتیان و مامەلەکانی جوتیاران لە پێناو کەمکردنەوەی رۆتین لە فەرمانگەکاندا.

لەکۆتایدا بێگەرد تاڵەبانی داوای لە شاندی میوانکرد کە هانی کۆمپانیاکانی کۆریا بدەن بۆ بەشداری و ئەنجامدانی پرۆژە و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە سانگ هوون چۆ سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمە و پێشکەوتنەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد و هەرێمی کوردستانی بە بنکەیەکی بەهێزی گرنگی ئابووری وەسفکرد و بەڵێنیاندا کە لە داهاتوودا کار بکەن لەسەر جێبەجێ کردنی داواکاریەکانی وەزارەت و پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو لا.