Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی پڕۆژەى وەبەرهێنانى چەوەندەرى شەکرى بتوێنى بەسەر کردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى ٢٦/٦/٢٠٢١ى زایینى، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە گوندی قەمتەرانی دەشتی بتوێن توێژینەوەیەکی گرنگیی زانستی لەسەر چەوەندەری شەکر بە سەر کردەوە. ئەمەش زیاتر بە مەبەستی دڵنیابوون بوو لەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانى چەوەندەرى شەکر و گونجاوی خاکی بتوێن بۆ خستنەوەى ئەو بەرهەمە کە بڕیار وایە ڕاستەوخۆ لە جوتیاران بکڕدرێتەوە بۆ کارگەى شەکرى بتوێن کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لە ناوچەى بتوێن دەست بە دامەزراندنى کراوە و پشت بە چەوەندەرى شەکر دەبەسترێت و بەمەش سەرەڕاى ڕەونەقدارکردنى چاندنى چەوەندەرى شەکر کە یەکەمجارە لە کوردستان بچێنرێت، هەلى کار بۆ زیاتر لە ٩ هەزار کەس دابین دەکات و بەشێکى زۆرى پێویستییە ناوخۆییەکانى شەکرى هەرێمیش پڕ دەکاتەوە.
جێگەی ئاماژەیە ئەم توێژینەوەیە لە لایەن جوتیارێکی نمونەییەوە، سەرکەوتووانە لەسەر چەند بنەتۆیەک ئەنجام دراوە کە لە کوالێتی و کێشدا پێشی بەرهەمهێنانی ستانداری جیهانی کەوتووە.