Skip to the content

راوێژکاری سەرکۆماری ئێران بۆ پەرەپێدانی بازرگانی پێشوازی لە بێگەرد تاڵەبانی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ٧/٦/٢٠٢١ لە میانی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە وڵاتی ئێران، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەیاوەری بریکار و شاندێکی باڵای وەزارەت لە لایەن دکتۆر حەسەن دانائی فەر راوێژکاری سەرکۆماری ئێران بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و سەرۆکی دەستەی پەرەپێدانی بازرگانی عێراق - ئێران له شاری تاران پيشوازییان لێ کرا.

لەم سەردانەدا بە وردی ئاماژە بە دیاردەی وشکەساڵی و کێشەی سەرچاوەکانی ئاوی رووباری سیروان و زێی بچوک کرا کە بەهۆیەوە کاریگەریی زۆری کردووەتەوە سەر بەرهەمەکانی جوتیاران لەسنوری گەرمیان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیاران به ڕەچاوکردنی کوالێتی و یەکخستنی جۆر و شێوازی کارکردنی نێوان خاڵە سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان و خواستی بازارەکانی هەردوولا.
هەروەها ئاماژە کرا بە دانانی میکانیزمێکی نۆی بۆ بونیادنانی پرۆژەکانی ئاودێری و بەنداوەکان بەمەبەستی سنوردارکردنی بەکارهێنانی ئاو و ئاڵۆگۆڕی پەرەپێدانی توێژینەوە زانستیەکان بەهاوبەشی لەڕێگەی تاقیگە و سەنتەرەکانی هەردوولا .
لە کۆتایدا پێشنیار کرا کە لێژنەیەکی هاوبەش بەبەشداری کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولادا پێک بێت بۆ پەرەپێدانی ئالوگۆری بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی و ئاودێری.