Skip to the content

زانکۆی رۆمای ئیتاڵی پاڵپشتی تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ڕۆژی 2021/6/27 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی کرد لە شاندێکی ئیتاڵی کە پێکهاتبوون، لە پرۆفیسۆر لیۆناردۆ، نوێنەری زانکۆی رۆمای ئیتاڵی و د.داریۆ سەرۆکی کۆمپانیای کۆ ئۆنەری ئیتاڵی.
لەم دیدارەدا بێگەرد تاڵەبانی  گرنگیی هەبوونی داتاو ئامار و ڕووپێوێکی گشتی بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ بە گرنگ زانی لە پێناو باشتر خزمەتکردنی جوتیاران و پەرەپێدانی بەرهەمەکان بە پلانێکی زانستی زۆر مۆدێرن. بۆ ئەم مەبەستە داوای لە شاندی میوان کرد لەڕووی زانستی و تەکنیکی و هونەری،  هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  بکەن.
لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان ئاماژەیان بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد و بە پەرۆشەوە لە رووانگەی تێگەیشتن لە گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ وەکو بنەمایەکی بەهێزی ئابووری بەڵێنیاندا بە هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندی و داواکاریەکان لە ڕووی خولی راهێنان و شێوازی داڕشتنی زانستی بەرنامەکان و پێشکەشکردنی راوێژکاری تەکنیکی و هونەریی بەردەوام.
لەکۆتاییدا بڕیاردرا کە لێژنەیەکی هونەری تایبەتمەند لەسەر ئاستی وەزارەت پێکبێت بە مەبەستی ئامادەکردنی پرۆپۆزەڵی تایبەت بە دیاریکردنی  پێویستییەکانی وەزارەت بە هەماهەنگیی لەگەڵ شاندە ئیتاڵیەکە.