Skip to the content

به‌ مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوانیان، وەفدێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی ٢٠٢١/٣/٢٨ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەئامادەبوونی بریکار و راوێژکار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی وەزارەت پێشوازیان کرد لە وەفدێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە سەرپەرشتی د.حسێن علی سعود راوێژکار و بەیاوەری ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی پەیوەندیدار.

دوای به‌خێرهێنانی شانده‌كه‌، بێگه‌رد تاڵه‌بانی هیوای خواست ئەم سەردانە ببێته‌ دەرفەتێکی زیاتری پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا و دانانی رۆژنامەی کشتوکاڵیی بۆ بەرهەمەکانی ناوەخۆیی و یەکخستنی بڕیار و رێنماییەکان.

لەلایەن خۆشیانەوە شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی باسیان له‌ ئامانجی ئه‌م جۆره‌ سه‌ردانانه‌ كرد كه‌ مه‌به‌ست لێی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و دانانی ڕێگەچارەی هاوبەشه‌ بۆ کێشەکانی کشتوکاڵ و پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان.

دواتر به‌ مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان دەربارەی توانای کارکردن و چۆنیەتی هەماهەنگی بۆ دابینکردنی پێداویستی و کرانەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی بەڕووی یەکتریدا، کۆبوونەوەی لێژنەکانی تەکنیکی لەنێوان هەردوولادا بەڕێوەچوو.

هاتنی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بێگەرد تاڵەبانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوه‌ و ماوەی هەفتەیەک له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مێننه‌وه‌.