Skip to the content

بێگه‌رد تاڵه‌بانی: کێشەى گەنمی جوتیارانی پارێزگاى دهۆک چارەسەر دەکەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە یاوەری شاندێکی باڵای وەزارەت، سه‌ردانی شاری دهۆكی كرد و له‌گه‌ڵ بەڕێوه‌بەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە كشتوكاڵییه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆک كۆ بووەوه‌.
پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کشتوکاڵی و ئاودێری و پەلەوەری و دارستان و باخداری و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی جوتیاران و چەندین بابەتی تری پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری، خرانه‌ به‌رباس و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
هەر لە سەردانەکەیدا، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو سه‌ردانی عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆكی كرد و هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر هەماهەنگی و هاوکارییان بە تایبەتی پرسی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی دهۆک ،کە هەر لەم دیدارەدا بڕیار درا لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی ڕاسپێردارو، گەنمی جوتیاران بە نرخی پاڵپشتیکراو وەربگرن و له نزيكترين كاتيشدا كۆمپانياى مۆڵەتپێدراو پڕۆژەی به بازاڕكردنى گەنمی جوتياران بخاته بوارى جێبەجێكردن و بەردی بناغەی پڕۆژەکە لەم پارێزگایە دابنرێت کە گرنگی زۆری دەبێت لەسەر ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران و ڕەخساندنی هەلی کار.