Skip to the content

کارگەیەکی پاکردنەوەی تۆوی گەنم بە توانای 10 بۆ 12 تۆن لە کاتژمێرێکدا لە سلێمانی دروست دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەشی بەرهەم هێنان و پەسەندکردنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای AKY تەکنەلۆجی تورکی رێکەوتوون بەمەبەستی دروستکردنی کارگەیەکی پاکردنەوەی تۆوی گەنم بە توانای 10 بۆ 12 تۆن لە کاتژمێرێکدا، پرۆژەکە لە لایەن کەرتی تایبەت و بەچاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێ بەجێ دەکرێت، لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، ئەم کارگەیە ئامێری زۆر پێشکەوتو مۆدێرن لەخۆدەگرێت لەگەڵ چوار گەنجینە کە ئێستا لە 65% کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە.
 گرنگی دامەزراندنی ئەم کارگەیە لەوەدایە ساڵانە لە تواناى دا هەیە زۆرترین بڕی بنەتۆوی گەنم لە جوتیاران وەربگرێتەوە دواتر پاک بکرێتەوە و دەرمان بکرێت وەکوو بنەتۆوێکی پەسەند کراو دابەش بکرێت بەسەر جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەرگای کراوەتەوە و پشتیوانی لە هەموو کەرتێکی تایبەت دەکات کە بیەوێت وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکات لە هەرێمی کوردستان.