Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی لە لەندەن بەشداریی کۆنفرانسی بووژانەوەی ئابووری عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی  دووشەممە ٢٠٢١/٩/٢٧ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم،  بەشداریی کرد لە کۆنفرانسی ساڵانەی  بووژانەوەی ئابووری عێراق لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.
لەم کۆنفرانسەدا بێگەرد تاڵەبانی وتارێکی پێشکەش کرد دەربارەی چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەندیدار لە میانی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەربارەی هاندان و پێشوازی حکومەت بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی بەریتانی بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و کەمکردنەوەی ڕۆتین بۆ پاڵپشتی خاوەنکار و پڕۆژەکانی ناوخۆی و بیانی لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسا و ڕێنماییەکانی وەبەرهێنان ،
بەتایبەتی لە پڕۆژەکانی سێکتەری پیشەسازی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراک و سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر و  بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران.
 هەر لە میانی وتارەکەیدا بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بە گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و دیاردەی وشکەساڵی و ڕووانگەی حکومەت بۆ گرنگیدان  بە سیاسەت و ئاسایشی ئاو و دابینکردنی ئاو و پڕۆژەکانی بونیادنانی بەنداوەکان و گلدانەوەی ئاو ،هەروەها پلان و بەرنامەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی کە بۆ یەکەم جارە  دەرفەت دراوە بە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بۆ بەشداریی کردن لە دروستکردنی پڕۆژەکانی ئاودێری و (9) بەنداوە گرنگ و ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی کەرتی تایبەت و حکومەت بە ڕێگەی سیستمی PPP.
هەموو ئەو هەنگاوە گرنگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کابینەی نۆیەم لە پێناو پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جوتیاران و خاوەن پڕۆژەکان و هاووڵاتیان بەگشتی و بەهێزکردنی سێکتەری کشتوکاڵە وەکو بنەما و ژێرخانێکی به هێزی ئابووری.