Skip to the content

کۆمپانیاکانی وڵاتی هۆڵەندا هەماهەنگی زیاتر دەکەن لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی کشتوکاڵیی لە هەرێمی کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەک شەممە 2021/9/12 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاینی کرد ،بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵای وەزارەت لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای وەبەرهێنەری هۆڵەندی لە بوارەکانی گاوداری و شیرەمەنی و پەلەوەری و گرين هاوس ودانانی سیستمی وەبەرهێنان و پاککردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ڕاهێنانی جوتیاران.
لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمپانیاکانی هۆڵەندی دوای خۆناساندنی بواری کارکردنیان داوایانکرد کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هانی زیاتری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ ئاڵوگۆڕی  سەرمایەگوزاری و ئاشناکردنی جوتیاران و  بەرهەمهێنانی پڕۆژەکان بە کوالێتی پێشکەوتوو.
لەلایەن خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەو هەماهەنگی و پێشکەوتنانە کرد ،کە لەگەڵ ئەزموونی وڵاتی هۆڵەندا لە بواری ڕاوێژکاری و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکاندا بەدیهاتووە ،هەروەها سوپاسی کۆمپانیا بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکەی کرد و بەڵێنیدا کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پاڵپشی و دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنن بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی کشتوکاڵی و هاندانی جوتیاران و هەماهەنگی کردنی نێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی هۆڵەندا.