Skip to the content

بڕیاردرا بە داڕشتنی ڕۆژنامەیەکی کشتوکاڵی یەکگرتوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەژێر ڕۆشنایی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، وەفدێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە سەرپەرشتی (رزگار حمد خدر) ڕاوێژکاری وەزارەت و ئەندامیەتی نوێنەری دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ،    ب. گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری و ب.گ بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ،جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارای و ئابووری، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ،لەدوای سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی (لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتننامەی ) لە ٢٠٢١/٥/٣١ واژۆکرابوو لە نێوان هەردوو وەزارەت،بە مەبەستی داڕشتنی ڕۆژنامەیەکی کشتوکاڵی یەکگرتوو ،لە پێناو پاراستنی بەرهەمی جوتیارانی عێراق و هەرێم بە گشتی.
بۆ ئەم مەبەستە وەفدی باڵای وەزارەت لە ڕۆژانی ٥،٦،۷/٤  کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق و بریکاری وەزارەت و بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.
لە ئەنجامی ئەم دیدار و کۆبوونەوانە ئەم بڕیارانەی خوارەوە درا:-
١- لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا دروستبکرێت بە سەرپەرشتی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی لە هەردوولا بۆ مەبەستی داڕشتنی ڕۆژنامەیەکی کشتوکاڵی یەکگرتوو.
٢- ژوورێکی عەمەلیات دروستبکرێت لە شاندی ئامادەبوو ،لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی بە بازاڕکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان   و چارەسەرکردنی کێشەکان.
٣- وەزیری کشتوکاڵی عێراق بڕیاریدا ،کە بڕی بەرهەمهاتوو لە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە ناو پلانی وەرگرتنەوە و دەرەوەی پلان وەربگیرێتەوە، وە داوا کرا بە زووترین کات(CD )ی گەنمی جوتیارانی هەرێم ئاراستەیان بکرێت و بەڵێنیدا کە داوا بکات لە وەزیری بازرگانی عێراقی بە کردنەوەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی زووتر لە ساڵانی ڕابردوو ،کە هەوڵبدات لە 5/1 وە دەرگای سایلۆکان بکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران .
٤- بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆ ناوزەند کرا بۆ ئەوەی بەرهەمەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بنێردرێت بەبێ کێشە.
٥- بۆ ئاسانکاری کردن بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ،لەسەرجەم بەرووبوومەکانی کشتوکاڵی و پەلەوەری و هێلکە ........هتد ،فۆرمێکی تایبەت بە پشتڕاستکردنەوە و پشتگیریکردن لەم بەرهەمانە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پڕدەکرێتەوە تاوەکو ئەم فۆڕمە ئامادە دەکرێت لەلایەن لیژنەیەک ڕێگە بە هاتووچۆ و کار ئاسانیکردن دەکرێت بۆ هەناردنی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم بۆ بازاڕەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق.
٦-پێداچوونەوە بە ڕێکخستنەوەی بڕوانامەی تەندروستی ڕووەکی و ڤێتەرنەری تایبەت بە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە داواکرا بەخشینی ئەم بڕوانامانە بدرێت بە وەزارەت. 
٧- بەپێی ئەو فۆڕمەی لەلایەن وەزارەت پڕدەکرێتەوە ڕێگە بدرێت بەناردنی بەرهەمە پەلەوەرییەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و بڕیاردرا تا ئەم فۆڕمە پڕدەکرێتەوە لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە ڕێگە بە خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان بدرێت بەرهەمەکانیان بنێرن بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق.