Skip to the content

تاوتوێی کێشە و گرفتەکانی سەربڕخانەکانی مریشکی خۆماڵی کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ، 2022/4/25 بێگەرد تاڵەبانی بە مەبەستی لە نزیکەوە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی کێشە و داواکاریەکانیان لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەی کوشتارگەکانی بەرهەمی گۆشتی مریشکی خۆماڵی کۆبۆوە، بەشێکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە باسکردنی خاڵەکانی ناوەرۆکی دوایین لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتمان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی ئەم بڕیار و ڕاسپاردانە کاربکرێت لەسەر پارێزگاریی لە ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی سەربڕخانەکان و بە ڕەسمی ناساندنی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەناردەکردنی بەرهەمی گۆشتی مریشک بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بە کاراکردنەوەی دانانی ستیکەر و بارکۆد لەسەر بەرهەمی ئەو کوشتارگە فەرمیانەی کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت ، بۆ هەمان مەبەست لەپێناو بازاڕسازی ناوخۆیی وا بڕیارە لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە  داوا لەوەزارەتە پەیوەندیدارەکان و مۆڵ و مارکێت و چێشتخانەکان بکرێت کە بەرهەمی سەربڕخانەکانی خۆماڵی بەکاربهێنن. 

لە کۆتاییدا لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی گرنگ گەڵاڵە و پەسندکران کە لە ئێستادا کار لەسەر جێبەجێکردنی دەکرێت.