Skip to the content

لیژنەی هاوبەشی ڕاوێژکاری هۆڵەندی و کوردستان تاوتوێی دوایین هەنگاوەکانی پلانی بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ،2022/4/21 کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی گرنگ  بەڕێوەچوو لە نێوان لیژنەی ڕاوێژکاری حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ ڕاوێژکارانی هۆڵەندی تایبەت بە بابەتی داڕشتنی  سیستەمێک بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان. 
ئەم کۆبوونەوەیە دوابەدوای زنجیرەی کۆبوونەوەکان و هەماهەنگی بەردەوامی لیژنەی هاوبەشی ڕاوێژکاریە، کە ئەمڕۆ دواجار گرووپی ڕاوێژکارانی هۆڵەندی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و لە کونسوڵخانەی هۆڵەندی لە هەولێر بە ئامادەبوونی جێگری سەرکونسوڵی هۆڵەندی ،بە بەشداری تیمی ڕاوێژکاری حکومەتی هەرێم و تیمی ڕاوێژکاری وەزارەت و ڕاوێژکارانی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت ،لەچوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتننامەی کە لە ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوولادا واژۆ کرابوو ،بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و ڕاوێژی حکومەتی هۆڵەندی وەکو یەکێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵی بە ئاراستەی بەهێزکردنی پیشەسازی کشتوکاڵی و ئابووری هەرێمی کوردستان .
لەم کۆبوونەوەیە بە وردی تاوتوێی هەنگاوەکانی بەرەو پێشوەچوون و ئامادەکاریەکان کرا تایبەت بە داڕشتنی پلانی بەڕێوەبردنی کەرتی کشتوکاڵ و نووسینەوەی ڕەشنووسی کۆتایی سیستەمی بەڕێوەبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاو ،
هەروەها گەیشتن بە ئاستی سوود وەرگرتن لە کەرتی کشتوکاڵ .
گرنگترین خاڵەکانی کۆبوونەوەکە کە گفتوگۆی لەسەر کرا بریتی بوون لە :
1/ گۆڕانکاریەکانی ئێستای جیهان و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمئاوی و وشکەساڵی و  زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گرانبوونی پێداویستی و تێچووەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە دوای هاتنی پەتای کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گرانبوونی ماددە خۆراکیەکان لە ئاستی جیهان و ناوچەکە .
2/ جێکردنەوەی یاسا بەرکارەکانی وەزارەت بە تایبەتی   یاسای تۆمارکردن و پارێزگاریکردن و پەسەندکردنی بنەتۆ و تەرزە کشتوڵیەکان لە هەرێمی کوردستان .
3/ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران و بە پیشەسازیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەشداریپێکردنی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لەکەرتی کشتوکاڵ .
4/ ئاسانکاری بۆ دامەزراندنی کارگەی سەمادی کیمیاوی و پاڵپشتیکردنی جوتیاران ،لەسەر بنەمای دابینکردنی بودجەی پێویست  لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان .
5/ جەختکردنەوە لە پێویستی و  پەسندکردنی یاسای پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو بۆ  ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و سوود وەرگرتن لە گلدانەوە و داهاتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.
6/ ڕۆژنامەی کشتوکاڵی و پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی  لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاران بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ.
7/ زەمینەسازی زیاتر بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری لە پڕۆژە کشتوکاڵیەکان و بەکارخستنی پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی هەرێمی کوردستان .
هەموو ئەو خاڵانە زۆر بەگرنکیەوە لە چوارچێوەی پلانی هاوبەشی تیمی ڕاوێژکاریدا جێگیر کراوە و لە داهاتوودا لەلایەن  هەریەک لە  سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت پەسەند دەکرێن و دەبێتە پلانێکی گشتگیر لە هەرێمی کوردستان ،وەکو وەرچەرخانێکی بەهێزی بووژانەوەی ژێرخانی کەرتی کشتوکاڵ و پاڵپشتیی زیاتری جوتیارانی هەرێمی کوردستان .