Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ بەروبوومی ئۆرگانی و ناکیمیاوی بەرهەمدێنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایدەگەیەنێت "هەوڵ بۆ بە ئۆرگانیکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەدەن" و لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی سێشەممە، ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە نوێنەری کۆمپانیای بایۆ ووی ئۆرگانی تایبەت بەو پرسە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە سوودەکانی بوون و ڕواندنی بەرهەمە ئۆرگانییەکان کرا کە لە داهاتوودا بەپێی توێژینەوەکان تا ساڵی ۲۰۳۰، بەگشتی لە ‌‌٣٠٪ ی جیهان بەرهەمە ئۆرگانییەکان بەکاردەهێنن.

ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە کۆمپانیا جیهانییەکان لە بواری بەرهەمهێنانی ڕووەکی ئۆرگانی کە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا کاری بەرهەمهێنانی بەروبوومى كشتوكاڵى بەشێوەی ئۆرگانی و تەندرووست دەکات، ئەوەش لەپێناو پارێزگاری لە تەندرووستیی مرۆڤ و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی پەینە کیمیاییەکان و ماددە قڕکەرەکان کە زیانی بۆ تەندرووستی هەیە.

دواتر لە دیدارەکەدا بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی وەزارەت ئەم بابەتە بخەنە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری و کۆمپانیای ناوبراو ڕاسپێردرا بە ئامادەکردنی باسێک دەربارەی بەرهەمە ئۆرگانییەکان و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بەسەرپەرشتیی ڕاوێژکاریی وەزارەت بۆ دیراسەکردن و دیاریکردنی زەویی لەبار بۆ ڕواندنی بەرهەمی ئۆرگانی.

جێی باسە پەرەدان بە بەرهەمی ئەندامیی دوور لە کاریگەرە کیمیاوییەکان، سوودی تەندرووستیی زۆریان بۆ مرۆڤ هەیە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش لە ڕووی تەندرووستی و تاموچێژەوە گرنگی پێدەدەن.