Skip to the content

یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلی کشتوکاڵی واژۆکرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە, ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ خاوەندارێتی گروپی کۆمپانیای (هارون) ئەنجامدرا.

ئەم یاداشتە بە مەبەستی دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵیەکانە بەقیستی درێژخایەن بۆ جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵی، لەژێر ڕۆشنایی بڕیاری ژمارە (٧٩)ی ئەنجومەنی وەزیران و کۆنووسی پەسندکراوی هەرسێ وەزارەتی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ و دارایی)و میکانیزمەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کە لە ماوەی رابردوودا دەستکرا بە تۆمارکردنی ناوی ئەو جووتیارانەی کە خوازیاری تۆمارکردن و دابینکردنی ئامێر و کەلەوپەلە کشتوکاڵیەکانن.

لەو ڕێوڕەسمەدا کۆمپانیای ناوبراو ڕاسپێردرا بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە، دوابەدوای گرتنبەری رێکارەکانی کێبڕکێی چەند کۆمپانیایەک لەسەر بنەمای ئامادەیی و توانستی ئابووری و تەکنیکی و ئەزموونی کارکردن لەو بوارە،کە لەلایەن لێژنەیەکی تەکنیکی پەیوەندیدار هەڵسەنگاندن و پاڵاوتنی بۆ کراوە.

لە وتەیەکدا بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: ''ئومێد دەکەم کە زۆرترین جووتیار و خاوەنکاری راستەقینە بتوانن سوود لەو پڕۆژەیەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەربگرن، وەک هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی بوژانەوەی سێکتەری کشتوکاڵی و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و زیادبوونی داهات و ژێرخانی ئابووری جوتیارانی ئازیزی هەرێمی کوردستان.''