Skip to the content

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بڵاوكرده‌وه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ تایبه‌ت بە بازاڕکرنی گەنمی جوتیاران و پڕکردنەوەی  فۆڕمەکان بۆ تەسلیمکردنی گەنم لە سایلۆکانی بەغدا، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ :
1/ بۆ زانیاری سەرجەم جوتیارانی ئازیزی هەرێمی کوردستان ،ئەم فۆڕمە لەسەر ئاستی عێراق ساڵانە پەیڕەو دەکرێت ، پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمە ،لەپێناو بەرژەوەندی جوتیارانە ، بۆ زانین و دڵنیابوونی هەر جوتیارێکە، کە بە واقیعی داچاندن دەکات لەسەر زەویەکەی وە مافی ئەوەی هەیە، بەرهەمی گەنمەکەی خۆی تەسلیمی سایلۆکان بکات .
2/ پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمانە هەوڵێکە لەپێناو پارێزگاری لە جوتیاری خاوەن ماف و جیاکردنەوەی لە بازرگان و ئەوانەی خاوەن بەرژەوەندین و دەیانەوێ بازرگانی بەمافی جوتیارانی ڕاستەقینە بکەن.
3/ فۆڕمەکە دوابەدوای هەناردنی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا لەسەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵیەکان بۆ جوتیاران پڕ دەکرێتەوە و هەموو لایەک ڕاسپێردراون ،کە کارئاسانی بکەن بۆ پارێزگاری مافی جوتیارانمان لە پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوەکانیان ،وە تاوەکو 31/3/2022 بەردەوام دەبێت.
4/بۆ لەمەودوا لە هەموو فەرمانگەیەکی کشتوکاڵی(فۆڕم و بەڵێننامە) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکە پڕدەکرێتەوە، وە پێویستە مۆری بەڕێوەبەرایەتی سنوورەکەی لێ بدرێت و نابێت هیچ بڕە پارەیەک بەناوی (ڕسومات ) لە جوتیاران وەربگیرێت لە کاتی پڕکردنەوەی (فۆڕمەکە و بەڵێننامەکە، لە ڕووی یاساییەوە جوتیار هیچ پابەندبوونێکی ماددی نەکەوێته سەر .
5/ وەزارەتمان هانی جوتیاران دەدات کە بەشداری بکەن لە پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمە لە ماوەی دیاریکراو ، لەئێستادا بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە،بە وردی بەدواداچوون دەکەین، لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیە و سوودی گشتی جوتیاران ،بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانگە کشتوکاڵیەکان .