Skip to the content

کار لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە، 2022/1/24  لە ژێر ڕۆشنایی بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ،بێگەرد تاڵەبانی بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتەکانی ( دارایی و بازرگانی و پلاندان ) و نوێنەری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی که‌ریم سلێمان بریکار و ستافێکی وەزارەت کۆبۆوە.
ئامانجی ئەم کۆبونەوەیە بریتی بوو لە پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆ و بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و  سامانی ئاژەڵی و پەلەوەری و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ خودبژێوی و کەمکردنەوەی بەرهەمی هاوردە و دانانی خشتەی تایبەت بە ڕۆژنامەی کشتوکاڵی .
 دوابەدوای تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لەلایەن ئامادەبووان بڕیاردرا کە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە گەڵاڵه‌ بکرێت بۆ یەکخستنی ڕۆژنامەیەکی کشتوکاڵی ،بە لەبەرچاوگرتنی کوالێتی بەرهەمەکان و داخوازی و خواستی هاووڵاتیان لە بازاڕەکان، وە ئامادەکردنی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، بە مەبەستی وەرگرتنی بڕیار و ڕەزامەندی کۆتایی و کارکردن بۆ‌ پابەندبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان بە یەکەوە هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بکەن بۆ دیاریکردنی چارەسەری ئاستەنگ و گیروگرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەی کشتوکاڵی.