Skip to the content

بریکاری وەزارەت لەگەڵ شاندێکی باڵای حکومەتی بەریتانی كۆبۆوه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ، ٣١ ی ئایاری ٢٠٢٢، کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار و ب.گشی پلاندانان و ب. گشتی سەرچاوەکانی ئاو پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای حکومەتی بەریتانی، کە پێکهاتبوون لە جانێت رۆگان باڵیۆزی ژینگە و نوێنەری حکومەتی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و دەیڤد هەنت کونسوڵی گشتی و بەرپرسی تیمی سیاسی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان .
لە دیدارێكدا گفتوگۆ دەربارەی پتەوکردنی پەیوەندیەکان و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەریتانیا كرا و چەندین بابەتی گرنگ خرانه‌ به‌ر باس له‌وانه‌ پلان و ئاڵنگاریەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری وەک بنەمایەکی بەهێزی ئابووری هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییە جیهانییە خێراکانی ژینگە و کەشو هەوا و کەمئاوی و دیاردەی وشکەساڵی و کەمبارین و خۆڵبارین و  کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە سەر ئاسایشی خۆراک و بەرزبوونەوەی تێچووەکانی بەرهەمهێنان، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەنگاو و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ چۆنیەتی سوود وەرگرتن و گڵدانەوەی سەرچاوەکانی ئاو و بەرجەستەکردنی ستراتیژێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی سامان و ئاسایشی ئاو، لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆندی نوێ و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بەکارهێنانی ئاو لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان باسیان لێوه‌ كرا .
جگه‌ له‌مانه‌ش سوود وەرگرتن لە پێشکەوتن و تەکنەلۆژیای مۆدێرنی کشتوکاڵی بەریتانی و ئاشناکردنی جوتیاران بە شێواز و کوالێتی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و گرنگیدانی زیاتر بە ژنان و خانمانی لادێ و پاڵپشتی و  هاوکاری و هاندانیان لە لادێکان و پڕۆژەکانی کشتوکاڵی ئه‌و بابه‌تانه‌بوون كه‌ هه‌ردوولا جه‌ختیان لێ كرده‌وه‌.
لە کۆتاییدا بەردەوامیدان بە دیدار و کۆبوونەوەکان و گەیاندنی ڕاوسەرنج و پێشنیار و ڕاسپاردەکان بۆ پاڵپشتیکردنی سێکتەری کشتوکاڵ و بەرنامەکانی تایبەت بە خزمەتگەیاندن بە جوتیاران لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کابینەی نۆیەمدا دووپات كرایه‌وه‌ .