Skip to the content

بۆ یەکەم جار لقێکی سەنتەری توێژینەوەی جیهانیی WHC بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەمە ،٢٩ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی و ئامادەبوونی بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و ستافی نووسینگەی وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی گرنگ ئەنجام درا، لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی بەڕێوەبردنی سەنتەری توێژینەوەی جیهانی کشتوکاڵی هۆڵەندی و بۆردی کۆمپانیای گرین ئیستلاند و وەبەرهێنەران و شارەزایانی بواری کشتوکاڵی هۆڵەندی .
لەم دیدارەدا تاوتوێی دوایین بەرەو پێشچوون و هەماهەنگی پەیوەندییەکان کرا لەگەڵ وڵاتی هۆڵەندا ،بە تایبەتی دەربارەی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ لەبوارە جیاجیاکان ، بە هاوکاری وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها گفتوگۆ کرا له‌باره‌ی ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی لقێکی گەورەترین سەنتەری توێژینەوەی زانستی WHC بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵی لە سەرەتایی مانگی ئه‌یلوول لەعەلوەی هاوچەرخی هەولێر .
 ئەم سەنتەرە دەبێتە ناوەندێکی باڵای هەمە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جوتیاران لە ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵیەکان و پاکێجینی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمەکان و ئامادەکردنی بە پێی ستانداردی جیهانی بۆ بازاڕەکانی هەرێم و دەرەوەی هەرێمی کوردستان .
دواتر جەخت کرایەوە لەبارەی بە پیشەسازیکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەناوەندکردن زانستی و ئەکادیمی ئەم سەنتەرە بۆ پاڵپشتی جوتیاران و پڕۆژەکانی کەرتی کشتوکاڵی و پێشخستنی توێژینەوە کشتوکاڵییەکان لە ڕێگەی تاقیگە پێشکەوتووەکان و ئەزموونی وڵاتی هۆڵەندا لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان .