Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، چەندین بابەتی کشتوکاڵیی لەگەڵ بەرپرسانی هۆڵەندا باسکرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ وڵاتی هۆڵەندا ،بە هاوڕێیەتی ( ژوان صابر) بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە لایەن بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هۆڵەندا پێشوازی لێکرا،کە پێکهاتبوون لە (خویدۆ لاندهێر) بەرپرسی سیاسەتی کشتوکاڵی ئەورووپا و جیهان،(فلینک)بەرپرسی کاروباری کشتوکاڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، (ماریۆن) بەرپرسی کاروباری کشتوکاڵی لەعێراق و ئێران .
لەماوەی سەردانەکەیاندا چەندین دیدار و کۆبوونەوە و پڕۆژەی گرنگ بەسەر کراونەتەوە کە جێگەی سەرنج و گرنگی پێدانی شاندەکە بوون .
لە سەرەتادا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی مەلەفی کاروباری کشتوکاڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و ئێران ، سەردانی کۆمپانیای(ریزکژوان) یان کرد ،کە کۆمپانیایەکی گەورەی بەرهەمهێنانی بنەتۆی سەوزەواتە بە هەموو جۆرەکانی لە قۆناغەکانی چاندن و بەرهەمهێنان تا ئاستی ساغکردنەوە و بە بازاڕکردنی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و زیاتر لە( ۱٥۰۰) بنەتۆی جۆراوجۆریان  بەرهەمهێناوە ،دواتر بۆ هەمان مەبەست سیمینارێک بەڕێوەچوو، کە لە وێدا لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی بە گرنگیەوە باسی دەرچوونی یاسای پەسندکردن و تۆمارکردنی  تەرزە کشتوکاڵیەکانی لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەم کۆمپانیایە هەماهەنگی و تێگەیشتنیان هەیە لەگەڵ کۆمپانیای( ARD) بۆ گواستنەوە و سوود وەرگرتن لە بەرهەمی بنەتۆکانیان لە هەرێمی کوردستان ،هەروەها لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهاندا خواستێکی زۆری لەسەرە، کە بۆتە ناوەندێکی گەورەی ڕەخساندنی هەلی کار ،وە بەشێوازی سیستەمی (PPP) بەرهەمهێنانەکان ئەنجام دەدەن، دوای گفتوگۆ و دیداری شاندەکە لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو بەڵێنیانداوە کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی بنەتۆی سەوزەوات بهێننە هەرێمی کوردستان، کە بەرهەمهێنان دەکات بۆ هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست .
هەروەها شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ بە یاوەریی تیمەکەی حکومەتی هۆڵەندی و بە ئامادەبوونی خاوەنی کۆمپانیای سەرەکی جێبەجێکاری پڕۆژەی هاوبەشی (PPP) ،کە کۆمپانیایەکی بە ئەزموونی بەرهەمهێنانی بنەتۆی پەتاتەیە ،کە وەکو گرووپێکی وەبەرهێنەری پەتاتە کاردەکەن کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و لەوێدا تاوتوێی کێشە و بەربەستەکانی بەرهەمهێنانی بنەتۆی پەتاتە کرا لە عێراقدا .
هەر لە میانی بەسەرکردنەوەکانی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان  سەردانی پێشانگەی ئیکسپۆی(فلۆریادە) کراوە، لە شاری ئەلمێرەی هۆڵەندی و لەلایەن جێگری بەڕێوەبەری گشتی پێشانگەکە پێشوازیان لێکراوە، دواتر لەگەڵ بەرپرسی  کاروباری بازرگانی کشتوکاڵی حکومەتی هۆڵەندا،  جەختکراوەتەوە لەسەر هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندیەکان و دوایین بەرەو پێشچوونەکانی تیمی هاوبەشی ڕاوێژکارانی هۆڵەندی و وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی سوپاسی هاوکاری و پاڵپشتیی حکومەتی هۆڵەندای کرد، کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ، بە تایبەتی لە بەرهەمهێنان و ساغکردنەوەی پەتاتەی پیشەسازی و پەتاتەی خواردن .
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بێگەرد تاڵەبانی و شاندی وەزارەت کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ، لەگەڵ توێژەرانی ئەکادیمی زانکۆی (فاخنن) ئەنجامدا و  تاوتوێی چەندین بابەتی گرنگیان کرد سەبارەت بە سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری، دواتر شاندەکە سەردانی سەنتەری توێژینەوەی هۆڵەندی (WHC)یان کرد ، کە گەورەترین سەنتەری زانستی توێژینەوە و بازرگانیە، بە خۆشحاڵیەوە لقێکی ئەم سەنتەرە لە ئێستادا بەهەمان شێوە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بە هاوبەشیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەرتی تایبەت هێنراوەتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە مانگی(۹)ی ئەمساڵدا سەنتەرەکە تەواو ببێت ،کە (۱۰٦) کۆمپانیای جۆراوجۆری هۆڵەندی و  وەبەرهێنەرانی ئەورووپی و نێودەوڵەتی بانگهێشتی هەرێمی کوردستان دەکات ،کە دەبێتە مایەی جوڵەیەکی گەورە و بەهێزی بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان و تەنانەت هەناردنی بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ڕێگەی ئەنجامدانی گرێبەستی کارکردن لە بواری کشتوکاڵی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەم سەنتەرە، وەک هەنگاوێکی گرنگ و بەهێزی سێکتەری کشتوکاڵ لە ڕێگەی بەشداری و هەماهەنگی وەبەرهێنەرانی کوردستانی،کە دەرفەتێکە بۆ پێگەیاندنی ئەو خوێندکارانەی خواستی کارکردنیان هەیە لە سێکتەری کشتوکاڵی ،بە ئامانجی وابەستەکردنی ڕاستەوخۆی ئەو خوێندکارانە بۆ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی کشتوکاڵی و دەبێتە کەناڵێکی گرنگی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان بە سیستمی (هایدرۆپۆنیک) بۆ ئەوەی لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا ، بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی نرخ و دابینکردنی پێداویستیەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان .
لە کۆتا وێستگەی سەردانەکەی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو باڵوێزخانەی عێراقیان لە وڵاتی هۆڵەندا بەسەرکردەوە ،لەم دیدارەدا باسی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانیان کرد ،لە ڕێگەی باڵیۆزی عێراقەوە بۆ ئاستی عێراق ،بە تایبەتی تاوتوێکردنی ستراتیژی بەڕێوەبردنی مەلەفی ئاو ، وە گەیاندنی ئەو گلەیی و ناڕەزایەتیانەی کە هەن ،لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی وڵاتانی دراوسێ لەسەر مەلەفی ئاو و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو و کۆمەکە نێودەوڵەتیەکان ، بۆ پاڵپشتیکردنی هێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ئاشناکردنی جوتیاران بە بەکارهێنانی شێوازی ئاودێری و کشتوکاڵکردنی مۆدێرن.