Skip to the content

بەغدا ٣٧٥ هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  رۆژی یەکشەممە  ٢٠٢٢/٦/٥ نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان (د.زێدا محمد کریم) بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان، بەشداریکرد لە کۆبونەوەی لیژنەی باڵای دانانی پلانی کشتوکاڵی دەربارەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لەلایەن حکومەتی فیدراڵی، کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی وەزیری کشتوکاڵی عێراق د.محمد کریم خفاجی، لە بەغدا بەرێوەچوو .
د.زێدا محمد کریم، نوێنەری حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەنالەکانی ڕاگەیاندن دەربارەی ناوەرۆک و بریاری کۆبونەوەکە راگەیاند دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی دۆخی بەروبوومی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران و بە بازاڕکردنی، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی جوتیاران، لە کۆبونەوەیاندا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بریاردرا کە ئەمساڵیش وەکو ساڵی رابردوو بڕی (٣٧٥,٠٠٠) تۆن گەنم  لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، هەروەها تاوتوێ وەرگرتنەوەی بەروبوومی گەنم کرا، لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن بەپێی نرخی راگەیەنراوی پاڵپشتیکراو.