Skip to the content

شێوازی داچاندنی داپۆشراو و دڵۆپاندن لە پڕۆژە کشتوکاڵیەکان پەیڕەو دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممه‌ ٢ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢  کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان، پێشوازیی کرد لە یارا خالد شحروری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لەعێراق و شاندێکی کۆمپانیای ئیکۆکۆنسوڵت.
ئامانجی دیدارەکە بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن بوو دەربارەی دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی دروستکردنی شێوازی چاندنی داپۆشراو و دڵۆپاندن بە ئامێری تازە و سەردەمیانە لە ناحیەی قوشتەپە، کە ئەمڕۆ کەلوپەلەکانی گەیشتە شاری هەولێر، کەل و پەل و ئامێرەکان لەسەر شێوازی سەردەمیانەی پێشکەوتووی وڵاتی هۆڵەندایە کە پێشتر لە لایەن کۆمپانیای ئیکۆکۆنسوڵت جوتیارەکان ڕاهێنانیان پێکراوە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانیان.
لای خۆیەوە بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: ئێمە خۆشحاڵین کە دەبینین جوتیارەکانمان ئاشنا دەکرێن بە شێوازەکانی بەکارهێنانی ئامێرە تازەو سەردەمیەکان لە شێوازی ئاودان و داچاندنی بەروبوومەکانیان لە پڕۆژە کشتوکاڵیەکان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها سوپاسی کۆمپانیای ناوبراویشی کرد کە هەمیشە هاوکارو یارمەتیدەربوونە لە فێرکردن و ئاشناکردنی جوتیارانی هەرێم لە شێواز و بەکارهێنانی ئامێرەکانی سەردەم و چاندن و ئاودێریکردن بە شێوازی پێشکەوتوو لە ڕێگه‌ی شیاندن و ڕاهێنانپێکردنیان لە ناوخۆو دەرەوەی هەرێم. 
پڕۆژەکان لە سەر ڕووبەری (٥٠٠٠)هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی، لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا پشتیوانی دەکرێت لە چورچێوەی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق، کە خۆی دەبینێتەوە لە خانووی پلاستیکی و ئاودان بەشێوازی دڵۆپاندن و مەڵتیسپان و چاندنی داپۆشراو.