Skip to the content

دووەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی بە دروشمی كاریگەری گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا لەسەر ئاو) لە بەغدا بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژانی ٢٠٢٢/٣/(٥-٧) لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، عبدالرحمان خانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو بە نوێنەرایەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشداربوون لە دووەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ئاو.
كۆنگرەكە بە ناونیشانی (كاریگەریی گۆڕانكاریەكانی كەش و هەوا لەسەر ئاو) بەرێوەچوو، ئەم کۆنگرەیە ماوەی دووساڵە لەسەر یەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرێوەدەچێ، هەریەک لە وەزارەتەكانی پلاندانان و ژینگە و چەندین كەسایەتی لە سەر ئاستی ناوخۆ و وەزیرانی ئاوی میسری و سووری و كۆڕبەندی عەرەبی و حسن بن تەڵاڵ و جۆن كیری ڕاوێژكاری ژینگەی سەرۆكی ئەمریكا و سەفیری ئەمریكی و نوێنەری ئەردۆگان و چەندین وڵاتی تر ، بەشێوەی ئۆنڵاین یا ئامادەبوونیان وتەیان پێشكەش كرد، ئامادەبووان لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەكانی گلاسكۆ لەسەر ژینگە ، مەترسی دۆخەكەیان خستەڕوو بەتایبەت لەسەر عێراق،كە یەكێكە لەو( 5) وڵاتەی زۆرترین كاریگەری ژینگەیی كاری تێكردووە ، پێویستە بوترێ كە ئێران لە سەر ئاستی باڵا بەشداری نەكرد و هیچ وتەیەكیشی پێشکەش نەکردووە.
شاندی بەشداربووانی هەرێمی کوردستان بریتی بوون لە  سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو بە نوێنەرایەتی وەزارەتی كشتوكاڵ لەگەڵ هەرسێ بەڕێوەبەری بەنداوەكانی دوكان ،دەربەندیخان و دهۆك ،وە  چەندین شارەزای هەرێمی و جیهانی توێژینەوەیان پێشكەش كرد .کە زۆربەی بەشداربووان ئاماژەی مەترسیداریان لەسەر گۆڕانكاری كەشوهەوا و كاریگەریەكانی لەسەر ژینگە ، ئاو ، كشتوكاڵ و كۆچكردن خستەڕوو ، عێراق لە ناوخۆوە كێشەی كەمبارانی و پیسبوون ، وە لە وڵاتانی دراوسێش بە گرتنەوە و لادانی ڕێڕەوی ڕووبارە هاوبەشەكانی دیجلەو فورات و لقەكانی ئابڵوقە دراوە ، وەكو وڵاتێكی پایناو ، ڕۆژ بە ڕۆژ سەرچاوەكانی وشك دەكرێن کە ئەمەش کاریگەری دەبێ لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق وە بە تایبەتی 
 لە هەرێمی کوردستان.