Skip to the content

نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاوێژکار (ڕزگار حه‌مه‌د خدر) نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  بەشداریی کرد لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری وەزاری لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ، تایبەت بە دۆخی هاوردەکردنی پێویستی و کەلوپەلەکان لە دەرەوە و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و چۆنیەتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی و کارئاسانییەکان بۆ بەرهەمی ناوخۆیی مریشک و هێلکە بەپێی پێویستی و چۆنیەتی دیاریکردنی میکانیزمی هاورده‌كردنی بەرهەمی مریشک و هێلکە. 
له‌ کۆبوونەوەكه‌دا  هەماهەنگی و ڕێکارە پێویستەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ، لەپێناو دۆزینەوەی بازاڕ و پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆی و ساغکردنەوەی لە شارەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق تاوتوێ كرا .
هەر لەمیانی کۆبوونەوەكه‌دا  نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئاماژەی دا بە گرنگیی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکان و ناوەرۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزارەت ، لە چوارچێوەی هاوبەشیکردن بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە ڕەچاوکردنی دۆخی وشکەساڵی و قەیرانەکانی گرانبوونی نرخی خۆراک و تێچووی بەرهەمهێنان و کەش و هەواو کاریگەریی کەمی ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا ده‌رباره‌ی پاڵپشتی و کارئاسانی و نەهێشتنی ڕۆتین و بەربەستەکانی بەردەم جووڵە و ساغکردنەوە و گواستنەوەی بەرهەمەکانی ناوخۆی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەپێی کوالێتی و مەرجە تەندروستییەکان، كه‌ لە چوارچێوەی کۆنووسێکی هاوبەشدا جێگەی بۆ دەکرێتەوە و لە داهاتوودا کاری لەسەر دەکرێت .