Skip to the content

هەنگاریا پشتیوانیی لە بەرەوپێشچوونی سێکتەری کشتوكاڵی لە هەرێمی کوردستان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٢، کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیی لە ئەنتێلا تۆت کونسوڵگەری گشتی هەنگاریا لە هەولێر و میکلوش کالای بەرپرسی بازرگانی و ئابووری هەنگاریا کرد.
لە دیدارێکدا باس لە چۆنییەتی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری لەهەرێمی کوردستان و ئاشناکردنی جوتیاران بە ئامێرە پێشکەوتووەکانی وڵاتی هەنگاریا کە لە بواری کشتوکاڵ و ئاودێری و پیشەسازی کشتوکاڵی کرا.
کونسۆڵی گشتی هەنگاریا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان دەیانەوێت وەبەرهێنان لە سێکته‌ری کشتوکاڵیدا بکەن لە هەرێمی کوردستان و پشتیوانی لە تواناکانی جوتیاران بکەن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ڕێگەی بە پیشەسازیکردنی بەرهەمەکانیان و دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی بەرووبوومەکانیان.
لای خۆیەوە بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان هەمیشە دەرگای واڵایە بۆ هەر وڵات و کۆمپانیایەک بیەوێت وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێریدا لە هەرێمی کوردستان بکات و سوپاسی وڵاتی هەنگاریاشی کرد کە دەیانەوێت پاڵپشتیی وەزارەت بکەن لە بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵیدا.
 کونسوڵی گشتی هەنگاریا ڕاگەشیاند ئەوان سەرقاڵی ئامادەکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن دەبن لە نێوان خۆیان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا ئامادە دەبێت.