Skip to the content

لە کۆنفرانسێکدا توێژینەوە و چارەسەرەکانی بواری کشتوکاڵی و ژینگە خرانەڕوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە شاری سلێمانی، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق، دەربارەی پێشبینییەکان و مەترسییەکانی ئاو بەشداربوو.

کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و سەرۆکی زانکۆی کۆمار و چەندین کەسایەتیی ئەکادیمی و زانستیی نێودەوڵەتی و عێراقی و کوردستانی بەڕێوەچوو، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/زانکۆی کۆمار رێکخرا و تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستیی گرنک پێشکەش کران.

ئامانج لەم کۆنفرانسە خستنەڕووی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەیە کە ڕووبەڕووی دۆخی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتەوە.

لە گوتەیەکدا بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئامادەبووان ئەرک و ڕۆڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانی ئاماژە پێکرد، بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاو و داڕشتنی پلانێکی بەهێز بۆ ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو‌ و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و ئەکادیمی و زانستییانە.

ئەوەش بەمەبەستی سنووردارکردنی دیاردەکانی کەمئاوی و کاریگەریی گۆڕانکاریی خێرای کەشوهەوای ناوچەکە و یەکخستنی کۆششەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی کێشەی بەروبوومی جووتیاران و کێشە کشتوکاڵییەکان و کاریگەری لەسەر ژینگە.