Skip to the content

بەگوژمەى دووملیار و ١٩١ملیۆن دینار بەردی بناغەی سێ پۆند لە ئیدارەی گەرمیان دانران

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە یاوەریی ستافێکی باڵای وەزارەت، سەردانێکی مەیدانیی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لەلایەن جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی ئیداری لە دیوانی ئیدارە پێشوازی لێ کرا.

لە دیداری نێوان تیمی هەردوولادا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سێکتەری کشتوکاڵ لە سنووری گەرمیان و کار و پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ کرایەوە.

دواتر بێگەرد تاڵەبانی بە یاوەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی ناوچەکە، بەردی بناغەی پۆندی سەرقزڵ داندرا؛ پۆندەکە بە بودجەی ٧٦٦ ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێدەکرێت، کە توانای گلدانەوەی ٣٣٥ هەزار م٣ ئاوی هەیە.

لە دانانی بەردی بناغەی پۆندەکە بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند "دڵخۆشم بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەمان. لەم شوێنەدا، خەڵکی قارەمانی ئەم گوندە لە گەرمیان، دەیان شەهیدی سەربەرزیان لە پێناو کوردایەتیدا بەخشیوە، بۆیە شایەنی ئەو جۆرە پڕۆژانەن."

هاوکاتی گرنگیدان بە پڕۆژە ئاودێرییەکان لە گەرمیان، دوو پۆندی دیکە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە پێکدێن لە پۆندی سەید حوسێن بە گوژمەی ٧٤٤ ملیۆن دینار لە سنووری قەزای کفری و پۆندی گۆبان، بە گوژمەی ٦٨١ ملیۆن دینار لە سنووری قەزای کەلار.

دواتر پۆندی ئەلی میر لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو بەسەرکرایەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ کێشە دارایی و تەکنیکییەکان و چاکسازی و پاککردنەوەی پۆندەکە کرا.

تەواوبوونی ئەم پۆندانە، دەبێتە هەنگاوێگی گرنگی بووژانەوەی سێکەری کشتوکاڵی و چارەسەرکردنی کێشەی ئاودێریی جووتیاران و زیادکردن و گلدانەوەی زیاتری ئاو لە سنووری گوندەکانی ئیدارەی گەرمیان.