Skip to the content

٦٤١ جووتیاری سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بە پێدانی زەویی نیشتەجێبوون قەرەبووکرانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دوابەدوای بەداواداچوون و پاڵپشتیکردنی کێشە و داواکارییەکانی جووتیارانی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین و ئاراستەکردنی دەقی داواکارییەکانیان لە ٨ی ١١ی ٢٠٢١ بۆ قەرەبووکەدنەوەیان، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم قەرەبوو کرانەوە و جووتیاران لەمەودوا دەبنەوە خاوەنی مافی شایستەی خۆیان.

لە نووسراوی ژمارە ٣١٣٦ی ڕێکەوتی٢٩ی ئەیلوولی٢٠٢٢ی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئیمزای مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی پێوەیە، هاتووە "قەرەبووکردنەوەی ٦٤١ جووتیار کە زەویی کشتوکاڵییان لەبەردەستە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە بەرانبەر هەر ٢ دۆنم، یەک پارچە زەویی نیشتەجێیان بە پانتایی  ٢٠٠ مەتر دووجا پێبدرێت."

بەم بۆنەوە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕایگەیاند "پیرۆزبایی لە جووتیارانی خاوەن ماف دەکەین، وە جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی جەنابی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکەین، کە فەرمانی قەرەبووکردنەوەیان پەسندکرد و وەڵامی دەقی نووسراوی داواکاریی جووتیاران و ئێمەیان دایەوە."

دەڤەری ڕاپەڕین یەکێکە لە دەڤەرە کشتوکاڵییەکانی کوردستان و لەو گرنگیپێدانەی حکوومەتی هەرێم، ٦٤١ جووتیار قەرەبوو دەکرێنەوە. ئەمەش بەرئەنجامی داواکاریی جووتیاران بوو کە پێشتر ڕێکارەکانی قەرەبووکردنەوەیان بۆ بەڕێ کرابوو، بەڵام مامەڵەکانیان ڕاگیرابوو.