Skip to the content

عەلوەى هاوچەرخی هەولێر چوار وەرزی ساڵ بەرهەم دێنێت و بەکۆگا دەکات

ڕۆژى چوارشەممە، ٥ى نیسانی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، بە یاوەریی ستافێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، سەردانی عەلوەی هاوچەرخی هەولێری کرد.

سەردانەکە بۆ مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوو بۆ چۆنیەتیی کار و پڕۆگرامی کۆمپانیای گرین ئێستلاند کە تایبەتە بە چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیی هاوچەرخ، لە ناویدا بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی کارابوونی لقی سەنتەری جیهانیی باخداری (WHC) وەک گەورەترین ناوەندی پەرەپێدانی باخداری و بەرهەمهێنان و توێژینەوەی بەرەوبوومە کشتوکاڵییەکان، هەروەها بەدواداچوون کرا بۆ پڕۆسەی وەرگرتنی بەرووبومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هاوچەرخ.

شاندەکە هەموو بەشەکانی عەلوەکەیان بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە ئاشنای چۆنیەتیی کارەکانی گرووپی ناوبراو بوون کە ڕۆژانە خەریکی بەرهەمهێنانی بەروبوومی خۆماڵین لەهەر چوار وەرزی ساڵ.

لەبارەی پڕۆژەکەوە هەڵکەوت عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی، ڕایگەیاند: "ئەمە پڕۆژەیەکی گرنگی بەرهەمهێنان و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵە لە هەرێمی کوردستاندا و دەبێتە کاروانێکی باشی بەرهەمهێنانی سەوزە و خەیار و تەماتە و بەردەوامیی بەرهەمهێنان لە هەر چوار وەرزی ساڵدا."