Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ و بەرنامەى خۆراکی جیهانی یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

ڕۆژى یەکشەممە، ١٦ى ئادارى ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە تیمێکی باڵای ڕێکخراوی WFP  (بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان) کرد.

دیدارەکە بۆ مەبەستی  لە نزیکەوە هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و تاووتوێکردنی بەرەوپێشچوونەکانی نێوان هەردوولا بوو، بە تایبەتی لەم بوارانەی خوارەوە:

۱-تاووتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و یەکخستنی تواناکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی سەر ژینگە و کشتوکاڵ لە ڕێگەی ڕاهێنان و بەهێزکردنی تواناکانی ستافی کادیران و فەرمانبەرانی فەرمانگە و نەمامگەکانی وەزارەت.

۲- بەردەوامیدان لەسەر هەڵمەتی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاڵپشتیکردنی ستراتیژی بەڕێوەبردنی نەمامگەکان و هەنگاونانی زیاتر لەپێناو زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان.

۳- خستنەڕووی بەرئەنجامی پڕۆژەی دیجیتاڵمیدیاییی کشتوکاڵی و دابینکردنی خزمەتگوزاری و ڕێنمایی و شێوازی بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی جووتیاران، و تاووتوێکردنی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بچێتە بواری جێبەجێکردن، وەکوو پلاتفۆرمێکی پێناسینی جووتیاران و دابینکردنی زانیاریی جووتیاران لەسەر هەمەچەشنکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی.

٤- گفتوگۆکردن لەبارەی گرنگیدان بە وێستگەکانی کەشناسی و کاراکردنەوەی وێستگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگیی ڕێکخراوی ناوبراو.

٥- ڕووپێوێکی مەیدانی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، بە مەبەستی دیاریکردنی ڕووبەری زەویی چێنراوی بەرهەمەکانی دانەوێڵە و سەوزە، هەروەها وەرگرتنی زانیاری لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.

٦- پاڵپشتیکردنی ژنانی خاوەنکاری کشتوکاڵی لە لادێکانی کوردستان و ڕاهێنان و شیاندنی تواناکانیان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بە مەبەستی زەمینەسازی و دۆزینەوەی بازاڕ و پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی و بەهێزکردنی سەربەخۆییی ئابووریی خێزان.

دوای خستنەڕووی سەرجەم ئەو بابەت و پێشنیاز و ڕاسپاردە گرنگانەی پەیوەست بە بەرنامە و چالاکییەکانی وەزارەت، لەنێوان هەردوو لادا جەخت لەسەر ئامادەکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بە مەبەستی داڕشتنی پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەن بە ئامانجی پەرەپێدان و لەخۆگرتنی سەرجەم یەکەکانی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرایەوە.