Skip to the content

خولەکانی ڕاهێنان و شیاندنی تایبەت بۆ دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری دەستپێدەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی پلانی لیژنەی باڵای دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری، وە لە ژێر ڕۆشنایی یاسایی ژمارە 20 و ڕێنمایی ژمارە 4ی تایبەت بە سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، لەمەودوا لەسەرئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ، ڕاپەرین، گەرمیان، لەلایەن لیژنەی زانستی و تەکنیکیی، خولەکانی ڕاهێنان و شیاندنی تایبەت بەو دەرچووانەی کە فۆرمی دامەزراندنیان لەماوەی ڕابردوودا پڕکردووەتەوە دەستپێدەکات، ئەوەش بەپێی خشتە و تایبەتمەندیی گرووپی پسپۆڕییەکان.

بۆ ئەم مەبەسته هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتمان و لینکەکانی ڕاگەیاندنی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، ئاگادارییەکان و زانیاری دەربارەی خولەکان و ناوی بەشداربووانی خول بڵاودەکرێنەوە.

هەروەها سەرجەم دەرچووان دڵنیا دەکەینەوە کە دەرفەتی بەشداریکردن لە خولەکان بۆ هەمووان ڕەخسێنراوە، بە پێی پلان و خشتەی دیاریکراوی وەزارەت و هەماهەنگیی نێوان لیژنەی باڵاو لیژنەی لاوەکی لە فەرمانگەکانی وەزارەت بە چەند قۆناغێكی دیاریكراو.