Skip to the content

ئامێری کشتوکاڵیی تازە بۆ جووتیارانی سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان دابین دەکرێت

ڕۆژى دووشەممە، ١٥ى ئایارى ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیی لە ستافی جێبەجێکاری کۆمپانیای هارون گرووپ کرد.

لەم دیدارەدا تاووتوێی چۆنیەتیی دەستبەکاربوون و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە هاوبەشە کرا کە لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو‌ و کۆمپانیای ناوبراو کراوە، بۆ مەبەستی دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان بە قیستی درێژخایەن لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارەی ٧٩ ی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیی سێکتەری کشتوکاڵ.

لەبەر ئەوەی کۆمپانیای ناوبراو لقی لە سنووری پارێزگای سلێمانی نییە، بۆیە بڕیار درا بە ڕاسپاردنی کۆمپانیای ناوبراو، کە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵی سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەرین، بە ڕێکخستن و ئەنجامدانی زنجیرەیەک سیمینار بۆ بەرچاوڕوونی و پێدانی زانیاری بە جووتیاران لەسەر میکانیزمەکانی وەرگرتنی ئامێرەکان هەستن.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بڕیار درا بە هیچ جۆرێک سوو نەچێتە سەر بڕی ئەو قیستەی کە جووتیارەکان دەیدەن بە بانکەکە، لەبەر ئەوەی بانکێکی ئیسلامییە و ڕێکەوتن کراوە کە سوو نەخرێتە سەر کڕینی ئامێرەکان.

ئەم جووتیارە بەڕێزانەی کە ناوەکانی خۆیان لە ماوەی ڕابردوو تۆمار کردووە لە سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەت،
دەتوانن لە دوای ئەو سیمینارانە بە بەرچاوڕوونی زیاترەوە نووسراو وەربگرن لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵیی پارێزگاکان و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گرێبەستەکان لە دیوانی وەزارەت بکرێت، تاوەکوو کارەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکە بۆ تەواو بکرێت.

هەروەها بڕیاردرا کە وەکوو نموونە ئەو ئامێرەی کە بڕیارە بۆ جووتیاران دابین بکرێت بە تایبەتمەندیی ئەورووپی لە وڵاتی ئیتالیاوە هێنراوە، بۆ هەر سێ بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵیی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەرین نموونەیەکی ئامادە بکرێت، تاوەکوو پێشانی جووتیاران بدرێت بۆ ئەوەی ئاشنایەتیی زیاتریان لەبارەی ئامێرەکانەوە هەبێت.