Skip to the content

خێزانێک لە هەولێر روەکی ئەلوڤێرا بەرهەمدەهێنن

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە خێزانێک کرد، کە بەمەبەستی ناساندنی پرۆژەکەیان بەناوی پڕۆژەی (لاڤین) کە پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی ڕوەکی ئەلوڤێرایە سەردانی وەزارەتیان کرد.

لە دیدارەکەدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند: ''خۆشحاڵم دەبینم گەنجەکانمان بە پەرۆشەوە هەوڵدەدەن بۆ بەدیهێنانی ئامانج و ئاواتەکانیان لە ڕێگای دانانی پڕۆژە و نوێکاری لە پیشەسازیکردن و هێنانی ئەو جۆرە ڕووکانەی کە پێشتر بوونیان نەبووە یاخود لە هەرێمی کوردستان کەمبوون.''

بێگەرد تاڵەبانی، پشتیوانی خۆی و وەزارەتەکەی بۆ ئەو خێزانە ڕاگەیاند و بەڵێنی پێدان کە هاوکاریان بکات بۆ ئەوەی سودمەندبن لە وەرگرتنی قەرزی بانکی (القرتاسی ئیسلامی) کە بۆ پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری یاداشتی لێکتێگەیشتنیان هەیە لەگەڵ وەزارەت.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هیوای خواست پڕۆژەکەیان فراوانتربکەن و بتوانن بەرهەمەکانیان لە پیشەسازی کشتوکاڵی بەکاربهێنن و گوتیشی دەرگای وەزارەت کراوەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت لە بواری کەرتی کشتوکاڵی و ئاودێری سەرمایەگوزاری و کاری پیشەیی بکات.